ده‌نگدانه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ی رێفرانده‌م

PM:09:26:02/10/2017
كورد میدیا: سەردەشت عەزیز
چه‌ند رۆژێكه‌ كه‌ناڵه‌كانی پارتی (روداو، كوردستان ٢٤) زۆر باس له‌پاڵه‌وانێتی ئه‌و گروپه‌ ده‌كه‌ن كه‌سایتی ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌كوردانی ده‌ره‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرتوه‌و گوایه‌ ٣٠٠ هه‌زار جار هه‌وڵی هاكی دراوه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ به‌كورتی دوو خاڵ ده‌ڵێم:

یه‌كه‌م: ئه‌و ٣٠٠ هه‌زار جاره‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن هه‌وڵی هاك نییه‌ به‌ڵكو جۆره‌ هێرشێكه‌ پێی ده‌وترێت DDOS كه‌ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات وه‌ك سه‌ردانكه‌رێك داواكاری بنێرێت بۆ ئه‌و سایته‌ بۆ ئه‌وه‌ی لۆد بخاته‌ سه‌ر وێب سایته‌كه‌و نه‌كرێته‌وه بۆ كه‌سانی دیكه،‌ ‌ نه‌ك هاك كردن و بردنی زانیاری، وه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ هێرشانه‌ زۆر كه‌مه‌، به‌نمونه‌ سایتی ئاوێنه‌ كه‌لای منه‌ ته‌نها له‌مانگی پێشوو(مانگی نۆ) ٥٧ ملیۆن و ٤١٩ هه‌زار داواكاری له‌و شێوه‌یه‌ی بۆهاتوه‌ كه‌ ٥٦ ملیۆنیان له‌و جۆره‌ هێرشه‌ بوه‌و سایته‌كه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، وه‌ پاراستنی وێب سایتیش له‌و جۆره‌ هێرشانه‌ به‌ قه‌باره‌ی ئه‌و ٥٧ ملیۆنه‌ ته‌نها تێچوی ٢٠٠ دۆلاره‌ له‌مانگێكدا.

دووه‌م: خاوه‌نی ئه‌و گروپه‌ كوڕێكی بارزانییه‌و ته‌نانه‌ت له‌ ٢٥ مانگ له‌هه‌مان شوێنی نێچیرڤان بارزانی ده‌نگیدا واته‌ له‌ (VIP)‌، وه‌ ده‌سكاریكردنی ده‌نگی ئه‌لیكترۆنی به‌به‌راورد به‌ده‌نگی كاغه‌ز زۆر زۆر ئاسانه‌ و به‌یه‌ك دێڕ كۆد كه‌ ته‌نها له‌ ٩ وشه‌ پێكهاتوه‌ ده‌توانیت ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه‌ بگۆڕیت، وه‌ له‌وه‌ ئاسانتر ده‌نگدانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان نه‌داوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌كاتی ده‌نگداندا چاودێری وردی بكه‌ن و‌ گرنتی ته‌كنیكی به‌ده‌ست بهێنن كه‌ده‌سكاری ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌كرێت. چونكه‌ گومان ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ به‌خۆڕایی باسی ئه‌و گروپه‌ نه‌كه‌ن.

*لە هەژماری نوسەرەوە وەرگیراوە

زۆرترین خوێنراو‌