عەلی عەونی: چاوەرێی هێوربونەوەی هەرەشەکانی بەغداد دەکەین

PM:04:42:30/09/2017
کورد میدیا:دەروون رەشید
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەلیت، چاوەڕێی هێوربونەوەی هەڕەشەکانی بەغدا دەکەین بۆ ناردنی وەفدی بۆ بەغداد، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوە بە دوری دەزانێت داخستنی سنورەکان لەلایەن ئێران و تورکیاوە بەتەواوی دابرێت، بەوپیێەی هەریم شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیانە.

عەلی عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کورد میدیا-ی راگەیاند:" بەنیازین دەست بە دانوستانێکی جدی بکەین لەگەڵ حکومەتی عیراق بۆئەوەی بە ئاشتیانە جیاببینەوە، هەروەک چۆن جیکسلۆفاکیا بە ڕێگایەکی زۆر شارستانیانە جیابوەوە، ئێمەش بەنیازی ئەوەین، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ئەو ڕێگایانە دەبڕین کە بەرەوە سەربەخۆیی دەمانبات.

وتیشی، ئێمە نابینە مەترسی لە ناوچەکەدا، دەبێت وڵاتانی دراوسێ و جیهان لە ئێمە تێبگەن، بۆیە لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەین بۆ ناردنی وەفدی هەرێم بۆ بەغداو وڵاتانی دەوروبەر، بەڵام چاوەرێی هێوربونەوەی هەرەشەکان دەکەین، پێشتریش پلاتفۆڕمی گەورەی حزبە کوردستانییەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ساند و کۆمیتەی جیاوازی هەیە ئەوان بڕیرار دەدەن .

بە وتەی عەلی عەونی، پێشبینیمان دەکرد کاردانەوەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان توندتربن لەوەی کە ئێستا هەیە، سەرجەم ئەو دەڵەتانەشی کە لەم دواییەدا دروست بوون لەو جۆڕە هەڕەشانەیان بەخۆوە بینیوە کە لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان دەکرێن، بۆیە هیوادارین حکومەتی عیراق بیر لە بژاردەی سەربازی نەکاتەوە، چونکە بینیمان کە لەم چوارساڵەی دواییدا لەبەرامبەر چەند سەد چەکدارێکدا موسڵی رادەستکرد، ئێران و تورکیاش دەزانن کە عیراق دەوڵەتێکی شکستخواردوە و بەرەودابەشبونی زیاتر دەچێت، بۆیە لەو باوەرەدانیم کە بیانەوێت هەرجۆرە هێرشێک بکەنە سەر هەرێمی کوردستان.

لایخۆشیەوە عەبدوڵا وەرتێ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە کورد میدیا-ی راگەیاند، کار و پلانی هەرێمی کوردستان دوای ریفراندۆم بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری، ریشەکێشکردنی گەندەڵی، دروستکردنی کۆدەنگی نیشتیمانی و نەتەوەیی و وەلانانی ململانێ سیاسییەکانە لەسەر یاستی ناوخۆ، لەسەر ئاستی دەرەوەس بەگەڕخستنی هەوڵە دیبلۆماسییەکان  لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەغداد و جیهانە بەمەبەستی زەمینە سازی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ئاشکراشیکرد:" ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەژێ ناوی دیکە لەکارەکانی بەردەوام دەبێت، هەموو هەوڵی خۆشی دەخاتە گەڕ بەمەبەستی رازیکردنی ئەو لایەنانەی کە راگەیاندنی دەوڵەتی سەرخۆ بە هەڕەشە دەزانن لە ناوچەکەدا، بۆیە دواجاریش بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان وادەکات کە رێگای دیالوگ و ئاشتیانە لەگەڵ هەرێم بگرنەبەر، چونکە هەرێمی کوردستان بەرژوەندی لە خاڵە سنورییەکاندا هەیە ولاتانی دراوسێ و دەرەوە بەرژەوەندییەکانیان زیاترە بەوپێیەی کوردستان شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیانە، لەبەر ئەوە سنورەکان داناخرێت، گەر دەشبخرێت بۆماوەیەکی کاتیی دەبێت.