ریفراندۆم ئاوارە عەرەبە نیشتەجێبوەكانی هەرێم دەگەڕێنێتەوە بەغدا

PM:01:13:24/09/2017
كورد ميديا: ژیان:هەڤاڵ غالب:
لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كۆچی پێچەوانەی ئاوارە عەرەبە نیشتەجێبوەكانی هەرێم‌و گەڕانەوەیان بۆ بەغدا زیادی كردوە‌و سەرچاوەیەكی ئەمنیش جەخت دەكاتەوە كە عەرەبەكان مەترسی ئەوەیان هەیە لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا روبەڕوی پەرچەكرداری توند ببنەوە.

بەوتەی قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئاوارە عەرەبەكانی سنوری قەزای چەمچەماڵ  و ناحیەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو ماوەیەكە كۆچی پێچەوانەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان دەستپێكردووە.

رەمك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵا بە (ژیان)ی وت "بەنزیكەیی ماوەیەكە رۆژانە دەوروبەری 20-25 ماڵ دەگەڕێنەوە. بەڵام لەكۆتایی هەفتەی رابردوەوە گەڕانەوەیان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردوە".

سەرچاوەیەكی ئەمنی هۆكاری گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبە نیشتەجێبوەكانی هەرێم بۆ نزیكبونەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمدەگەڕێنێتەوە‌و لەو بڕوایەدایە كە ئەوان لە پێشهاتەكانی دوای ریفراندۆمەكە دەترسن، بەتایبەت كە لەم ماوەیەی رابردودا هەرێم‌و ناوەند لێدوانی توندیان بەرامبەر یەكتر بەكارهێنا‌و تەنانەت بژاردەی بەكارهێنانی هێزیش باسكرا.

(ژیان) زانیویەتی كە بەشێك لەو ماڵانە بەشێوەیەكی كاتی ناوچەكە جێدەهێڵن‌و كەرەستەكانی نێو ماڵیان نابەن‌و چاوەڕوانی ئەوە دەكەن دۆخەكە بەلایەكدا بكەوێت‌و دواتر بڕیاری گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە دەدەن.

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان رێگری لەگەڕانەوەی ئەو ماڵە ئاوارانەی عەرەب ناكەن‌و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە نوسراویان بۆ دەكەن‌و ئازادن لەگەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.

لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش‌و داگیركردنی چەند ناوچەیەكی باشوری عێراق لەلایەن ئەو رێكخراوەوە، هاوڵاتییەكی زۆری عەرەب ئاوارەی هەرێمی كوردستان بون‌و لەشار‌و شارۆچكەكانی هەرێم نیشتەجێبون.

رائد محەمەد، یەكێكە لەو ئاوارانەی كە لەگەڵا سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە هاتۆتە سنوری قەزای چەمچەماڵ و لەكاتێكدا كە ئامادەكاری دەكرد بۆ گەڕانەوە بۆ (فەلوجە) بە (ژیان)ی راگەیاند "ئێستا بارودۆخەكە سەقامگیر نیە، نێوانی كوردستان و بەغداد ئاڵۆزە و ئێمە دەترسین بارودۆخەكە خراپتربێت و مناڵەكانمان ببنە قوربانی".

لەگەڵا نزیكبوونەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم ئاوارە عەرەبەكان ژمارەیان زۆر كەمبووەتەوە و بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ (ژیان) كرد نزیكەی 60%ی ئاوارە عەرەبەكانگەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.

قەزای چەمچەماڵا و ناحیەكانی سنورێكی بەفراوانی هەیە و 45 كم لە ناوەندی پارێزگای كەركوكەوە دوورە، لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی داعشدا نزیكەی 4300 خێزانی ئاوارە كە ژمارەیان زیاتر لە 25 هەزار هاوڵاتی بوون لەسنوری ئەم قەزایە نیشتەجێ بوون.

دابەشبوونی ئاوارەكان بەسەر ناوەندی قەزاكە و ناحیەكانی قەزاكەدا بەشێوەیەك بوو كە 2334 خێزان لە ناوەندی قەزا و 1419 خێزان لە ناحیەی شۆرش  و368 خێزان لە تەكیە و 61خێزان لە ئاغجەلەر  و 56  خێزان لە سەنگاو و 38خێزان لەقادركەرەم  و 48خێزان لە تەكیەی جەباری نیشتەجێبوون.