هەموو شتێك دەربارەی خانوەكەی نەوشیروان مستەفا لە لەندەن

PM:07:27:18/09/2017
كورد میدیا:
گەنجێكی كوردی دانیشتوی بەریتانیا، پاش ئەوەی بڵاو بوەوە كە گوایە رێكخەری كۆچكردوی بزوتنەوەی گۆڕان خانویەكی لەو وڵاتە كردوە بە ناوی كچەكەیەوە، بەداوداچوون بۆ راستی ئەو بابەتە دەكات.

هاشم تۆفیق، گەنجێكی كوردی دانیشتوی وڵاتی بەریتانیا، لە میانی بەدواداچونێكیدا بۆ زانینی هەمووشتێك دەربارەی خانوەكەی (نەوشیروان مستەفا) رێكخەری كۆچكردوی بزوتنەوەی گۆران دەنوسێت"پاش بە دواداچونێكم بە دوای ئەو خانوەی كە ڕەحمەتی نەوشیروان مستەفا لێی دەمایەوە لە لەندەن بیرۆكەی ئەوەم بۆ هات كە بۆخۆم بەدواداچونێك بكەم، تەبعەن هەمووكارەكان لێرە لە بەریتانیا زۆر ئاسانە زۆرینەی ئیشو كار لەمالی خۆتەوە دەتوانیت ئەنجامی بدەیت، لە پاسپۆرتی سەفەرەوە تا دەگاتە سیستەمی بانك و تاپۆی زەویو خانووبە رە هتد".

هاشم تۆفیق نوسیویەتی"لەوڵاتی بەریتانیا ئەگەر بتەوەێت خانویەك یان زەوییەك بكڕیت زۆر ئاسانە زانیاری پەیدا كردن، بۆ ئەوەی بەدواداچون بكەیت بزانیت خاوەنی ئەم موڵكە كێیەو بتەوێت زانیاری پەیدا بكەیت لەسە هەر موڵكێك یان كڕینو فرۆشتنی پێوە بكەیت بەڵكو ئەگەر بەس بۆ بەدەست كەوتنی زانیاریش بێت دەتوانیت زۆر بە ئاسانی زانیاری بەدەست بێنیت، تەنها ئەدرێسی ئەوخانوە یان ئەو موڵكەت پێویستەو لەگەڵ بڕی 16.50£ شازدە پاوەندو نیوی بەریتانی وئیمایل ئەدرێسێك، ئەو كات ئیندێكسی ئەو خانوە وەر دەگریت كە هەموو زانیاریەكی تیایە ئیندێكس وەك كارتی زانیاری وایە بۆ خاونو موڵك لە بەریتانیا".

ئەو گەنجە كوردە نوسیویشیەتی"لەم ڕۆژانەدا من مەشغوڵی خانوو كڕینێك بووم بۆ خۆم لە بەریتانیا كە بینیم ئیندێكس پەیداكردنی هەر خانویەك بتەوێت ئەوەندە ئاسانە، ئیتر هۆگری ئەوە بووم كە بەدواداچونێك بكەم بۆ ئەو خانوەی كە ڕەحمەتی نەوشیروان مستەفا لێی دەمایەوە، سوپاس بۆ هاوڕێیەك ئەدرێسەكەی بۆ پەیدا كردم و خۆشبەختانە منیش ئیندێكسەكەیم بۆ ئیمایەڵ كرا لە لایەن وەزارەتی تاپۆی شانشینی یەكگرتوو، بەڵام ئەوەی كە من بینیم زۆر سەیر نەبوو بەلامەوە چونكە هەر ئەوەندە چاوەڕێم دەكرد لە باوكی هەژاران، لە 19/4/1999 ئەو خانویەیان كڕیوەتەولە شارەوانی لەندەن (كانسڵی لەندەن) لەسەر ناوی (شوعلە سەعید)ی ڕەحمەتی كە دەكاتە خێزانی ڕەحمەتی (نەوشیروان مستەفا) كە هەموو هاوڵاتیەكی بەریتانی یان هەركەسێك مافی مانەوەی هەبێت لە بەریتانیا مافی هەیە خانوو وەر بگرێت یان بیكڕێت بەمەرجێك یاسای خانو بەرە شمولی بكات".

دەڵێت"یەعنی ئەو خانوە لە لایەن شارەوانیەوە وەریان گرتوە پێشتر و وەك هەر خانەوادەیەكی ئاسایی كە بیانەوێت لە خانوی شارەوانیدا بژین، هەر بۆ زانیاری ئەو كەسانەی كە لە بەریتانیا ژیابن دەزانن خانوی شارەوانی یان خانوی (كانسڵ) زیاتر خەڵكی مام ناوەنیدی و هەژار تێیدا دەژین وهەمیشە لە شوێنە هەژار نشینەكاندایە، بۆ ئەوەی هیچ گومانێك نەهێڵمەوە من بەدواداچونم كرد بۆ نرخی خانوەكەش".

سەبارەت بەساڵی كڕین و نرخی خانوەكە، هاشم نوسیویەتی"ساڵی 1999 خانوو لەو گەڕەكەدا بە 85بۆ87 هەزار پاوەند فرۆشراوە تەقریبەن بڕی 11دەفتەر دۆلار! لەئێستادا خانوو لەو گەڕەكەدانرخەكەی لە نێوان 400- 450 هەزار پاوەندا یە تەقریبەن58 دەفتەر، ئێستا هەندێك كەس لە وانە یە بڵێن ئەو خانوە ئێستاس نرخەكەی نزیكەی35% و زیاتر داشكان دەكات بۆ هەر كەسێك بیەوێت خانوی شارەوانی بكڕێتەوە بەمەرجێك پێنج ساڵ زیاتر لەو خانوەدا بیت و باقی پارەكەش دەتوانیت بەقیستی مانگانە یان بە كاش بیدەیت، ئەمەش هیچ كێشەیەكی تێدا نیە، شارەوانی لەندەنیش مەرجیان ئەوەیە نابێت كڕینو فرۆشتنی پێوە بكەیت تا لانیكەم پێنج ساڵ لە ڕۆژی كڕینەوەی هەرخانویەك، هەرچەندە تا ئێستاش شارەوانی لەندەن هێشتا یاسایەكیان لەسەر ئەو خانوە داناوە كە ئێستاش ئەگەر بنەماڵەی (نەوشیروان مستەفا) بیانەوێت ئەو خانوە بفرۆشنەوە ناتوانن چونكە ئەوەقانونی ئەو شارەوانیەیەو بە هیچ شێوەیەك ناتوانن بیفرۆشنەوە و (ڕیستریكتیڤ كۆڤێنتس)ی لە سەرە، بە واتای ئەوە ناتوانن بیفرۆشنەوە و لە نوسخەی ئیندێكسە كەدا لاپەڕە 2 ئاماژەی پێكراوە".

هاشم باس لەو ناوچەیە دەكات كە خانوەكەی نەوشیروان مستەفای لێیە و لەوبارەیەشەوە دەڵێت"خانوەكە دەكەوێتە ڕۆژئاوای لەندەنەوە (ئیلینگ بۆڕۆ) وە هەتا ئێستاش لەسەر ناوی ڕەحمەتی (شوعلە سەعید) ماوەو نەخراوەتە سەر ناوی (چرا نەوشیروان مستەفا) كە لێرەو لەوێ دەبیستین گوایا نەوشیروان مستەفا ئەو خانوەی كردوە بە ناوی كچەكەیەوە پێش ئەوەی كۆچ بكات و گوایە بایی 12ملیۆن پاوەندە".

هاشم تۆفیق لە كۆتای نوسینەكەیدا دەشڵێت"مەبەستی من ئەوە بوە لەم بەدواداچونەمدا ڕاستیەكان بۆ ڕای گشتی بخەمە ڕوو ،خەڵكی كوێرانە نەكەونە دوای شایەعەی بازاڕ و قسەو قسەڵۆكی خەڵكی و بە دەستی خۆ زانیاری بەدەست بهێنن، ئەگینا من بۆخۆم بۆ تەنها چركەیەكیش گومانم نەكردوە لە پاكێتی نەوشیروان مستەفا وبنەماڵەكەی، لە كۆتایدا دەڵێم بە خوێنەران هەر كەسێكیش دەیەوێت بۆخۆی داونلۆدی ئەو فایلە بكات كە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن (ئیندێكس) دەتوانن پەیوەندیم پێوە بكەن و زانیاری پێویستی دەدەمێ بۆ چۆنێتی داونلۆد كردنی، لینكی وێبسایتی شانشینی یەكگرتووی بۆدەنێرم و خۆی دەتوانێت ئەو زانیارانە بەدەست بهێنێت و پشت ڕاستیان بكاتەوە، لیینكی ئەوزانیاریانەش دادەنێم بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت ڕاستەو خۆ خۆیان پەیوەندی بكەن بە سەرچاوەی زانیاریەكانم ئەگەرگومانیان هەیە لە ڕاستیو دروست بە ڵگەكان.

 ‎لینكی زوپلە بۆ زانینی نرخی خانوو لە شانشینی یەكگرتوو house valuation

لینكی وێبسایتی شانشینی یەكگرتوو بۆ زانینی ئیندێكسی خانوو یان كارتی زانیاریو تاپۆ HM land registry