هۆشیار سیوەیلی: لەگەڵ یەكێتی‌و یەكگرتوو پەرلەمان كارادەكەینەوە

PM:02:19:11/09/2017
کورد میدیا:ژیان: شۆڕش محەمەد
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرایدەكات بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بە زۆرینە گرەنتیان وەرگرتووە‌و لەگەڵ یەكێتی‌و یەكگرتووی كارایدەكەنەوە.

هۆشیار سیوەیلی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی ژیان، باس لەپرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ریفراندۆم دەكات‌و دەڵێت ئەگەر گۆڕان‌و كۆمەڵ لەسەر هەڵوێستە نێگەتیفەكانیان بەردەوام بن، لەگەڵ یەكێتی‌و یەكگرتو و كورسی كۆتاكان، بەر لەئەنجامدانی ریفراندۆم پەرلەمان كارادەكەنەوە.

لەبارەی ریفراندۆمەوە، ناوبراو جەختدەكاتەوە هیچ نیازێك نیە بۆ دواخستنی ریفراندۆم‌و لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە دانبەوەدادەنێت فشارە هەرێمی‌و نێودەوڵەتیەكان بەردەوامن.

هۆشیار سیوەیلی، وتی "هیچ دەوڵەتێك جگە لەئێران دژی مەسەلەی ریفراندۆم نییە‌و تەنانەت توركیاش كە تارادەیەك هەڵوێستی جیاوازە".

ژیان: ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم بەكوێ‌ گەیشتوە‌و قسە‌و باسێكی زۆر لەسەر دواخستنی هەیە، ئایا لەكاتی خۆیدا ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت؟
هۆشیار سیوەیلی: كاروبارەكانی ریفراندۆم بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچێت‌و هیچ پلان‌و نیازێك نیە بۆ دواخستنی ریفراندۆم‌و لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت‌و زۆربەی ئامادەكارییەكانیش بۆ ئەنجامدانی تەواو بوە.

ژیان: هەڵوێستە نێودەوڵەتیەكان‌و وڵاتانی ئیقلیمی چۆن دەبینن لەم بابەتەدا؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەوەی ئێمە تێیدەگەین‌و هەڵسەنگاندنمان بۆ كردوە هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەم بابەتەدا ئیجابیە‌و بەو شێوەیە لێكیدەدەینەوە كە هیچ دەوڵەتێك جگە لەئێران دژی مەسەلەی ریفراندۆم نییە‌و تەنانەت توركیاش كە تارادەیەك هەڵوێستی جیاوازە لەگەڵ دەوڵەتانی تر بەو شێوەیە هەڵوێستی دژ نیەو زۆربەی هەرە زۆری ئەو دەوڵەتانی كە تائێستا هەڵوێستیان دەربڕیوە لەگەڵ كاتەكەیدا نین‌و كاتەكەی بەگونجاو نازانن‌و لەڕوی مەبدەئییەوە ئەوان لەگەڵ ریفراندۆمدان بۆ گەلی كورد.

ئێمە حەزدەكەین توركیا‌و ئێران هەڵوێستیان لەو بارەیەوە ئیجابی بێت، هەرچەندە توركیا بەو شێوەیە هەڵوێستێكی نێگەتیفی نییە كە باسدەكرێت‌و لێكدەدرێتەوەو هاتنی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەولێر زۆر شتی رونكردەوە‌و بەلایەنی كەمەوە لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا لەڕوی سەربازییەوە تەدەخول ناكەن‌و هەروەها سنورەكان داناخەن‌و ئەمەش سەبارەت بە ئێمە دو خاڵی گرنگن، چونكە ئێمە‌و توركیا بەرژەوەندییەكی دورودرێژمان هەیە، بەرژەوەندی ئابوری‌و سیاسی‌و ئەمنیمان پێكەوە هەیە لەبەرئەوە بڕوا ناكەین هەڵوێستێكی زۆر نێگەتیفانە بەرامبەر بەمەسەلەی ریفراندۆمی كوردستان وەربگرێت.

لەبارەی وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش هیچ یەكێك لەو دەوڵەتانە دژی مەسەلەی ریفراندۆم نیین. كەشێكی لەباری نێودەوڵەتی بۆ پرسی ریفراندۆم هاتۆتە ئاراوە‌و پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد سود لەو كەشە گونجاوە وەربگرێت بۆ ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدات‌و دواتر لەكاتێكی گونجاودا سەربەخۆیی رابگەیەنێت.

ژیان: فشارەكانی ئێران چ كاریگەرییەكیان دەبێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم؟
هۆشیار سیوەیلی: ئێران وڵاتێكی گرنگەو دراوسێیەكی گرنگە‌و بەرژەوەندی هاوبەشیشمان لەگەڵیدا هەیە، لەگەڵ ئەوەدا بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیاری هیچ دەوڵەتێك نییە‌و بڕیاری گەلی كوردستانە‌و لەم قۆناغەدا بڕیاری سەركردایەتی سیاسی كوردستانە، بەڵام كاتێك ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت‌و دەنگی بەڵێ‌ دەیباتەوە بۆ سەربەخۆیی دەبێتە بڕیاری گەلی كوردستان، لەبەرئەوە پەیوەندی بەوڵاتانەوە نییە كە دژ بن یان لەگەڵی بن. ئێمە هیوادارین ئێران هەڵوێستی نەرمتر بێت‌و بەرژەوەندی ئێران لەوەدایە كە دژی ریفراندۆم نەبێت. چونكە شتێكە رودەدات‌و نە ئێران‌و نە توركیاش ناتوانن بەری پێ‌ بگرن.

ژیان: دەوترێت قاسمی سلێمانی سەردانی هەرێمی كردوە بۆ فشار خستنە سەر سەركردایەتی كورد كە ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت؟
هۆشیار سیوەیلی: زانیاری تایبەتم نییە دەربارەی قاسمی سلێمانی. بەڵام بێگومان هەوڵەكان بەردەوامن چ لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەكە‌و چ لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە بۆ ئەوەی قەناعەت بە سەركردایەتی سیاسی كورد بكەن مەسەلەی ریفراندۆم دوا بخەن، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە هیچی نەگەیشتونەتە ئەنجامێكی ئەوتۆ كە قەناعەت بەسەركردایەتی سیاسی كورد بكات لەو بارەیەوە.
 
ژیان: ساردوسڕییەك هەیە لەبانگەشەی ریفراندۆمدا بەتایبەت لەلایەن یەكێتی‌و یەكگرتوەوە كە بەشێكن لەپڕۆسەكە؟ پارتی زۆرتر بانگەشە دەكات، ئەمە ئەوە ناسەلمێنێت كە ئەم پڕۆژەیە لەبنەڕەتدا پڕۆژەی پارتییە؟
هۆشیار سیوەیلی: بەهیچ شێوەیەك ئەمە پڕۆژەی پارتی نییە، بەتەنها‌و پڕۆژەی بەشێكی زۆری سەركردایەتی كوردە‌و بەتەنها پارتی بڕیاری لەبارەوە نەداوە‌و بێجگە لەگۆڕان‌و كۆمەڵ هەموو پارت‌و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەو بڕیارەدا بەشدارن.

ژیان: ئەو ساردوسڕییەی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەلای ئەو دو پارتە سەرەكییە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
هۆشیار سیوەیلی: رەنگە هەندێك كەموكوڕی تەكنیكی بونی هەبێت لەشێوازی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی بانگەشەكەدا بەڵام باوەڕ ناكەم كێشەیەكی سیاسی هەبێت‌و مەسەلەكە بە مەبەست بێت‌و بەهیواین بەزوترین كات ئەو كێشە تەكنیكیانەی كە پەیوەندی بە بانگەشەكردنەوە هەیە چارەسەر بكرێت.

ئێمە سەبارەت بەخۆشمان وەكو پارتی رەنگە حەزبكەین هەڵمەتەكە بەهێزتر‌و رێكوپێك تر بێت‌و حەزدەكەین بەشێوەیەكی ئەكتیڤتر هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆم بەڕێوە بچێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتەكە باش بەڕێوەدەچێت. پاشان لەلای گەلی كورد دیارە كە ئاكامەكانی دەنگی بەڵێ‌ چییە‌و ئاكامەكانی دەنگی نەخێر چییە‌و مەسەلەی سەربەخۆیی مەسەلەیەكی تازە نییە تا ئێمە هەڵبسین بانگەشەیەكی گەورەی بۆ بكەین‌و قەناعەت بە خەڵك بكەین، مەسەلەكە مێژوە و هەمو تاكێك دەزانێت دەنگی بەڵێ‌ لە 25ی ئەیلولدا چەندە دەنگێكی چارەنوسسازە.

ژیان: كاراكردنەوەی پەرلەمان چی بەسەرهات، پارتی لەگەڵ گۆڕان لەو بارەیەوە گەیشتوە بە بنبەست‌و بێهیوابون؟
هۆشیار سیوەیلی: شتێك نییە لەسیاسەتدا موستەحیل بێت‌و راست‌و چەپی پیا بهێنرێت. ئێمە هەوڵێكی زۆرمانداوە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و پێمانخۆشە ئەوانیش بێنە ناو پڕۆسەی ریفراندۆم، چونكە هاتنی ئەوان تەوژمێكی زیاتر بەپڕۆسەكە دەدات‌و پارتی دەستبەرداری هەمو ئەو مەرجانە بو كە هەیبون لەپێناوی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و لەپێناوی یەكدەنگی‌و یەكڕیزی بۆ ریفراندۆم، بەڵام بەداخەوە گۆڕان نەهات بەپیر ئەو دەستپێشخەرییانەوە‌و لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەهەوڵەكانمان هەر بەردەوام دەبین، بەڵام ئەگەر گۆڕان‌و كۆمەڵ هەر نەهاتنە پێشەوە ئەوا پەرلەمان كارادەكرێتەوە‌و كاراكردنەوەی پەرلەمانیش شتێكی یاساییە چونكە گۆڕان‌و كۆمەڵ تەنها 30 ئەندامی پەرلەمانیان هەیە‌و لەبەرامبەردا 81 ئەندامی پەرلەمان بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ مەسەلەی ریفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەماندان و لەگەڵ كاراكردنەوەیدا یەكێك لە كارەكانی بریتی دەبێت لەپشتگیریكردنی ریفراندۆم.

ژیان: گرەنتی ئەوە كراوە كە بەزۆرینەی پەرلەمانی كارابكرێتەوە؟
هۆشیار سیوەیلی: بەڵێ‌ گرەنتی كراوە‌و سێ‌ پارتە سەرەكییەكە (پارتی‌و یەكێتی‌و یەكگرتوو) لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەماندان‌و لەڕوی نیسابی یاساییەوە دەتوانن نیسابەكە تەواو بكەن‌و لەگەڵ ئەو پارتانەی تر كە خاوەن كورسی كۆتان لەپەرلەماندا ئەوانیش لەگەڵ پرۆسەكەدان‌و دەتوانن پەرلەمان كارابكەنەوە. بەڵام چ یەكێتی‌و چ پارتی پێیان باشە كۆمەڵ‌و گۆڕانیش بێنە ناو پڕۆسەكە‌و پێكەوە پەرلەمان كارا بكەنەوە.

بەڵام ئەگەر هەر لەسەر هەڵوێستە نەگەتیفیەكانی خۆیان هەر بەردەوام بن ئەوا پڕۆسەی كاراكردنەوەی پەرلەمان ناوەستێت‌و پێش وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم پەرلەمان كارا دەكرێتەوە.

ژیان: رۆڵی یەكێتی لەو نێوەندەدا چۆن دەبینن؟ خوێندنەوەتان بۆ دوا پەیامی یەكێتی بۆ گۆڕان‌و كۆمەڵ چییە؟
هۆشیار سیوەیلی: رۆڵی یەكێتی رۆڵێكی ئیجابییە بەتایبەتی رۆڵی مەكتەبی سیاسی، ئێمە لە زۆر لاوە گوێمان لەڕاوبۆچونی كەوادری یەكێتی دەبێت، بەڵام ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتییە. خۆشبەختانە لەدواهەمین كۆبونەوەیاندا بەكۆی دەنگ بڕیاریانداوە كە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، بەڵام دیسانەوە دواهەنگاویش بەرەو گۆڕان‌و كۆمەڵ دەنێن بۆ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ ئەو پڕۆسەیە بن.

ژیان: دەستگیركردنی كادرانی میتی توركیا لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری سلێمانی چ كاردانەوەیەكی هەبوە لەلایەن توركیاوە بەرامبەر بە پارتی، ئایا هیچ نێوەندگیرییەكتان هەیە بۆ ئازادكردنیان؟
هۆشیار سیوەیلی: بەڕاستی ئەوە كێشەیەكی ئەمنییە‌و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە وەك حزب‌و ئەو بابەتانە پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە هەیە‌و ئێمە لەسەر ئەو مەسائیلانە مامەڵە لەگەڵ توركیا ناكەین‌و لەو بابەتانەدا حكومەت مامەڵە لەگەڵ توركیا دەكات.

ژیان: هۆی چییە لەگەڵ باسوخواسی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نارەزایەتییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان پەرەی سەندوە؟
هۆشیار سیوەیلی: باوەڕ ناكەم پەیوەندی بە مەسەلەی ریفراندۆمەوە هەبێت‌و ئێمە هەمو كاتێك وتومانە مەسەلەی ریفراندۆم تایبەتە بە كوردستانی عێراق‌و هەر یەكە لەو پارچانەی كوردستان تایبەتمەندی خۆیان هەیە‌و نە ئێمە دەستدەخەینە كاروباری ئەو پارچانە‌و نە ئەوانیش دەبێت دەست بخەنە ناو كاروباری ئێمەوە.

ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەوان بەشێوەیەكی ئاشتیانە مافە ڕەواكانی خۆیان بەدەستبهێنن، بەڵام پرسی ریفراندۆم بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەهیچ پێشهات‌و بەرەوپێشوەچونێك نییە كە لەپارچەكانی تری كوردستان رودەدات.