سوڵتان ئازبۆی؛ ئەو ژنە كوردەی لەپێناوی دەستەبەری ئاشتی 9 ساڵ زیندانی كرا

PM:06:43:09/09/2017
کورد میدیا: محەمەد ئاوات
سوڵتان ئازبۆی ژنە کوردی باکوری کوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات "من هانی شەڕم نەداوەو خوێنی كەسم نەڕشتووەو وێرانكرایم نەكردووە، تەنیا داوای چەسپاندنی ئاشتی دەكەم.

لەدوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی توركیاوە لە15ی تەموزی 2016 شەپۆلێكی گەورەی دەستگیركردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە لەبەرانبەر بەنەیارانی ئاكەپە دەستی پێكرد بەشێكیان بەبیانووی تێوەگلان لەكودەتاو بەشێكی تر بەبیانووی دژایەتی دەوڵەت و پەیوەندی بەپەكەكەو بزوتنەوەی گولەنیەكان و جگە لەهەڵمەتی دەسگیركردن بەدەیان هەزار كەس نانبڕاو كراون و لەكارەكانیان دوورخرانەوە ئەم دورخستنەوانەش هەر لەریزەكانی سوپاوەهەتاوەكو پۆلیس و دەزگای هەواڵگری و دادوەریی و مامۆستایان و هەتا دەگاتە فەرمانبەرێكی ئاسایی ناو فەرمانگاكانی دەوڵەتی گرتەوە. كوردانی باكوریش بێ‌ بەش نەبوون لەهەڵمەتەكەو بەشێك لەپەرلەمانتارانی هەدەپەو سەرۆك شارەوانیە كوردەكان و چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی كورد راپێچی زیندانەكانی توركیا كران، لەچوارچێوەی هەڵمەتی رەشبگیری توركیادا  چەندین ژنی كوردی بەتەمەن دەسگیركراون بەبیانووی ئەوەی كۆبونەوەیان لەدژی دەوڵەت رێكخستووەو تەنیا هۆكاری گرتنی ئەوانیش ئەندام بوون بووە لە ڕێكخراوی دایكانی ئاشتی یاخوود كۆبونەوەی جەماوەرییان لەپێناوی دەستەبەری ئاشتی رێكخستووە، سوڵتان ئازبۆی ژنە كوردێكی تەمەن ٦٢ ساڵانی دتنیشتووی باتمانی باكوری كوردستانە ئەو ئەندامێكی چالاكی ڕێكخراوی دایكانی ئاشتییەو بەتۆمەتی بەشداریكردنی لەچالاكی و كۆوبونەوەی ئەنجوومەنی شاری ئەلیح سزای هەشت ساڵ و نۆ مانگ زیندانی كردنی بەسەردا سەپێنرا لەلایەن لقی دووی دادگای سزاكانی توركیا لە شاری ئەلیح، ئەگەرچی ئەو تانەی لەبریارەكەی دادگا داوەو داوای پێداچوونەوەی كردووە بەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە لەلایەن دادگای باڵای توركیاوە بەڵام هیشتا هیچ وەڵامیكی ئەو دۆسیەیە نەدراوەتەوەو ئێستا ئەو لەو دیوو دیوارەكانی زینداندایەو رۆژەكانی دەژمێرێت هەتا سزاكەی تەواو بكات و بگەرێتەوە نێو ژیانی ئاسایی خۆی ئەگەر تەمەن رێگای پَی بدات، سەبارەت بەزیندانی كردنی دەڵێت" شانازی دەكەم لەسەر داوا رەواكانم بۆ هاتنەدی ئاشتی لەووڵاتەكەمدا زیندانی دەكرێم بۆ من جیاوازی نیە زیندان و دەرەوەی زیندان چونكە بەداخەوە بەهۆی پەیرەوكردنی سیاسەتە هەڵەكانەوە توركیا بۆتە زیندانێك بۆ ئەوانەی ئەیانەوێت لەسایەی ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموكراسیدا هەوا هەڵمژن و ئازادانە ژیان بگوزەرێنن، من لەزیندان بم یان لەدەرەوەی زیندان دەڵێم بەڵی بۆ ئاشتی بەڵی بۆ ئازادی بەڵی بۆ ژیانێكی ئازادو شەرەفمەندانە".

 لەبارەی هۆكارەكانی زیندانی كردنی دەڵێت " هەموو ئەو هۆكارانەی منی لەسەر زیندانی كراوم تەنیاو تەنیا كوردبونمە چونكە لەتوركیا كورد بوون تاوانە، گوناهە، یاخی بوونە، بەڵام من شانازی بەو تاوانی كورد بوون و داواكاری مافەكانی خۆم و گەلەكەم دەكەم و بەردەوام دەبم لەسەری ئەگەر هەموو ژیانم لەگۆشەی زینداندا بەسەر ببەم، دادگا بەمن دەڵێت هۆكاری زیندانی كردنی تۆ بەهۆی بەشداریی كردنت بووە لەو خۆپیشاندانانەی ساڵی ٢٠١١ كە لەلایەن پارتی ئاشتی و دیموكراتی (بەدەپە)ەوە ڕێكخرابوون و هەروەها بەشداریی كردنم لە چالاكیی پاركی ئازادی نزیك زیندانی ئەلیح بووە چوار ساڵ بەر لەئێستا كە بۆ كۆتایهاتن بە مانگرتنی زیندانیانی ئەو زیندانە رێكخرابوو، ئەبێت ئەوە چ یاسایەك و چ دەوڵەتێك بێت دوای 5 ساڵ لەروودانی شتێك هاووڵاتیانی لەسەر دەسگیر بكات، شتی لەو جۆرە مەگەر هەر لەتوركیادا روویدابێت، دەوڵەت پێی وایە ئێمە هەوڵی تێكدانی ئاسایشی ووڵاتمان داوە لەكاتێكدا ئێمە لەپێناوی رۆڵەكانمان ئەو جۆرە چالاكیانەمان ئەنجامداوە هەتاوەكو نەمرن و بژین، بەمن دەڵێن تۆ داوای كۆتایی هاتن بەمانگرتنت كردووە لەلایەن زیندانیەكانەوە، بەڵام ناپرسن كێ‌ هۆكاری رێكخستنی ئەو چالاكیانەی ئێمە بووە ئەگەر دەوڵەت رۆڵەكانی ئێمەی نەخستایەتە زیندانەوەو ئەوانیش مانیان نەگرتایە ئێمە بۆچی گردبونەوە دەكەین، رەنگە توركیا لەهەستی دایكایەتی ئێمە تێ‌ نەگات و نەزانێت دایكان ئامادەن گیانیان ببەخشن لەپێناوی رۆڵەكانیان".

لەبارەی هەڵوێستی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لەبەرانبەر ئەو پێشێلكاری و دەستگیركردنانەی لەتوركیا روودەدەن ووتی " هەموو جیهان و رێكخراوەكانی دنیا لەدژی ئەو پێشیلكارییانەن بەڵام دەوڵەتی توركیا نەك گوێ‌ لەداواكاری ئەوان ناگرێت و بەڵكو تەنیا ئەوەی پێ‌ راستە كەخۆی ئەنجامی دەدات و بەردەوامە لەسەری، بەڵام پێویستە لەسەر وولاتانی ئەوروپاو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بەدرەوام بن لەسەر پێداگیری و ئیدانەكردنی پێشیلكارییەكان و هەوڵ بدەن كۆتاییان پێ‌ بهێنن و ئیتر هاووڵاتی لەم ووڵاتەدا ئەشكەنجە نەدرێت، بەبێ‌ هۆ زیندانی نەكرێت، بەناهەق شەهید نەكرێت" دەربارەی ئەوەی تاچەند پەشیمانە لەوەی كەئەنجامیداوەو لەسەری زیندانی كراوە دەڵیـَت " من ژنێكی سەربڵندو شەرەفمەندم لەسەر ئەوەی ئەنجامداوەو كردومە لەسەر ئەوەی داوام كردووەو بەردەوام داوای دەكەمەوە، من هەوڵی خوێنرشتنم نەداوە هەوڵی وێرانكردنم نەداوە هەوڵی شەرم نەداوە بەڵكو من هەوڵی بەدەستهێنانی مافەكانی خۆم و داواكاری گەلم داوە من هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتیمداوە، ئەوەی منی لەسەر گیراوم كارێكی پیرۆزەو هەرگیز نەلێی پەشیمانم و نەلێی پاشگەز دەبمەوە، من وەك داێكیك وەك ژنێك دەمەوێت دایكانی توركیا رۆڵە كوژراو نەبن و ئازاری لەدەستدانی رۆڵەكانیان نەچێژن، ئەوەی كردومە بەتەنیا لەبەر رۆڵەكانی خۆم نەبووە بەڵكو لەپێناوی رۆڵەكانی هەموو توركیادایە چونكە پەیام و داوای ئێمە بۆ ئەوەیە كەنابێت لەتوركیا نەگەریلاو نەپۆلیس و نەجەندرمە بكوژرێن پێویستە شەر كۆتایی پێ‌ بهێنرێت و چارەسەری كێشەكان بەئاشتی بێت و ئاشتی لەتوركیا بەرقەرار بێت، وەبەهەموو ئەوانە دەڵێم كەبەرژەوەندییەكانیان لەشەردایەو لەهاتنەدی ئاشتی دەترسن ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر چەسپاندنی ئاشتی و بەدیهێنانی، بەوانە دەڵێم  كەبەداخەوە لەجیاتی رێزگرتن لەو تەمەنی هەمەو لەو هەوڵانەی بۆ ئاشتی بەردەوام بووم لەسەری بەڵام پێم دەڵێن تیرۆریست من نەچەكم بۆ شەر لەدەست بووەو نەهانی دروست بوونی شەرمداوەو نەخوێنی كەسم بەناهەق رشتووەو تەنیا داوای كۆتایی هێنان بەشەرو ئاشتەوایم كردووەو ئەوەش داواكاری من و هاورێكانمە هەتاوەكو مردن "