مه‌لیكی كوردستان ((شێخ مه‌حمودی به‌رزه‌نجی)) وه‌ك خۆیی

PM:02:41:07/09/2017
كورد میدیا: هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزه‌نجی

شێخ مه‌حمودی به‌رزه‌نجی ، مه‌لیكی كوردستان، به‌ نازناوه‌كانی ((نوربه‌خشی)) و (( ئاواره‌)) ناسراوه‌ و، جگه‌ له‌ كه‌سێكی سیاسی و شۆرشگێڕیی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌شێت وه‌ك كه‌سێكی نووسه‌ر و رۆشنبیر ئه‌ژماری بكه‌ین و، بواره‌كانی ((شێعری كوردیی، په‌خشان، ئه‌ده‌بی نامه‌ نووسین)) ی پێده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین. چونكه‌ مه‌لیك له‌ دووای خۆی دیوانه‌ شێعرێكی خنجیله‌ ی پر له‌ ده‌قی جوان و ماناداری نه‌ته‌وه‌ی و خۆشه‌ویستی بۆ جێهێشتووین، هاوكات چه‌ندان په‌خشان دیاری مه‌لیكی كوردستانه‌ بۆ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیی و، له‌ ئه‌ده‌بی نامه‌ نووسینیشدا پشكی به‌ر ده‌كه‌وێت و، ژماره‌یه‌كی زۆر نامه‌ی له‌ دوا به‌ جێماوه‌.

بۆیه‌ سه‌ر له‌ ئێواره‌ی دوێنی له‌گه‌ڵ برای نووسه‌ر و لێكۆڵیارم، هێژا ((عومه‌ر كه‌ریم به‌رزه‌نجی)) كه‌ زیاتر له‌ ((20)) ساڵه‌ سه‌ر قاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ ی مێژووی و ئه‌ده‌بییه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین كتیبه‌ له‌و بوارانه‌دا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌میشه‌ ئه‌ركی پێداچوونه‌وه‌ی كتیبه‌كانی منی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌. گفتوگۆمان ده‌رباره‌ی مه‌لیكی كوردستان كرد، چ وه‌ك سیاسی و شۆرشگێر و چ وه‌ك ئه‌دیب و نووسه‌ر، شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ گرنگی پێبدرێت و، سه‌رجه‌م دانراوو و نووسین و پاشماوه‌كانی له‌ دوو توێی لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی مێژووی دا چاپ بكرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بریاری كاری هاوبه‌شمان داوه‌ ئه‌گه‌رچی دیاریمان نه‌كردووه‌ كه‌ی ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر سێ كتێبی ته‌واو نه‌كراوی به‌رده‌ستم كه‌ ئێستا سه‌ر قاڵی ته‌واو كردنیانم، پشت به‌ خوا له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌ست پێده‌كه‌ین و، هیوادارین خزمان و دۆستانیش هاوكارمان بن، هه‌رچه‌نده‌ پێموایه‌ سه‌رچاوه‌ی پێویستمان هه‌یه‌ به‌ زیاده‌وه‌.

به‌مه‌ش به‌رهه‌مه‌ بلاونه‌كراوه‌ و بلاوكراوه‌ په‌رته‌وازه‌كان ده‌خه‌ینه‌ روو له‌ دوو توێی زنجیره‌ كتیبێكی په‌یوه‌ست و ته‌واو كه‌ری یه‌كتر دا، هاوكات وه‌لامی ئه‌و تۆمه‌ت و بوهتانانه‌ش ده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵ مه‌لیكی كوردستان له‌ لایه‌نی سیاسی و شۆرشگێرییه‌وه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ مه‌لیكی كوردستان هه‌ڵه‌ و كه‌م و كورتی نه‌بووه‌، چونكه‌ دواجار ئه‌ویش مرۆڤه‌ و، ده‌شێت له‌ چه‌ند شوێن و كاتی جیادا هه‌ڵه‌ی كرد بێت ، ئه‌مه‌ش سرووشتی مرۆڤ بوونه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌لیكی كوردستان یان هه‌ر كه‌سێكی تر كه‌ پێمان وابێت بێ هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌، ئه‌وا ده‌یبه‌ینه‌ قاڵبی فریشته‌ و له‌ مرۆڤ بوون كه‌ بنچینه‌ و راستییه‌كه‌یه‌ دووری ده‌خه‌ینه‌وه‌.

به‌ هیوای ئه‌وه‌ی بتوانیین كارێكی ناوازه‌ و گه‌وره‌ی شایسته‌ به‌ مه‌لیكی كوردستان بكه‌ین، چونكه‌ تێكرای ئه‌و نووسینی گریده‌ و رۆژ هه‌لاتناسانه‌مان لاهه‌یه‌ كه‌ باسیان له‌ به‌رزه‌نجی كردووه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و بیره‌وه‌ری و یاداشتانه‌ی كه‌ كورد یان نه‌ته‌وه‌كانی تر نووسیوویانن له‌ وڵاتانی ده‌ورو و به‌ر.


زۆرترین خوێنراو‌