دۆسیەی 400 بێسەروشوێنی شەڕی ناوخۆ بەكراوەیی ماوەتەوە

PM:01:47:31/08/2017
كورد میدیا، ژیان: زانكۆ سەردار:
دۆسیەی نزیكەی 400 كەس یەكلانەبوەتەوە كە لەكاتی شەڕی ناوخۆی نێوان حزبە كوردییەكاندا بێسەروشوێن بون، وەزارەتی شەهیدانیش بێسەروشوێنان بەشەهیدی سەنگەر تۆماردەكات.

كورد میدیا، ژیان: زانكۆ سەردار:  دۆسیەی نزیكەی 400 كەس یەكلانەبوەتەوە كە لەكاتی شەڕی ناوخۆی نێوان حزبە كوردییەكاندا بێسەروشوێن بون، وەزارەتی شەهیدانیش بێسەروشوێنان بەشەهیدی سەنگەر تۆماردەكات.

لەسەرەتای ساڵانی نەوەكانی سەدەی رابردا، ناوبەناو چەند شەڕێك لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوە‌و پەكەكە روویاندا، بەهۆیەوە تائێستا چارەنوسی دەیان كەس بەنادیاری ماوەتەوە.

سۆران عومەر، سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لەپەرلەمان بۆ (ژیان) ئاشكرایكرد "بەكۆی گشتی ئەو ئامارانەی لای ئێمە هەیە، 400 كەس لەشەڕی ناوخۆدا بێسەروشوێنن‌و زۆرینەیان یەكێتی‌و دوای ئەوانیش پەكەكەیە، دواتر بێسەروشوێنانی كۆمەڵ‌و بزوتنەوەی ئیسلامی".

ئاماژە بەوەشكرد لەم خولەی پەرلەماندا نامەیەكی بەفەرمی داوەتە وەزیری ناوخۆ بۆ ئاشكراكردنی چارەنوسی ئەو بێسەروشوێنانە، بەڵام لەوەڵامدا پێیانوتراوە رێكاری یاسایی بۆ وەفاتنامەكانیان بگرنەبەر، "ئەوەش مانای ئەوەیە ئەو كەسانە لەژیاندا نەماون".

سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ، گومانی هەیە لەوەی بەشێك لەو كەسانە لەژیاندا مابن‌و "لەو زیندانە نهێنیانەدا بن لەهەرێم هەیە بەتایبەت لای پارتی".

بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوەزارەتی كاروباری شەهیدان، جەختیكردەوە لەوەی بێسەروشوێنانی شەڕی ناوخۆ ئەندامی هەر لایەنێك بوبن، بەشەهیدی سەنگەر تۆماركراون.

پەری نوری بە(ژیان)ی وت "ئەوەی لای ئێمە بەشەهیدی سەنگەر تۆماركراوە هەڵبەتە كەسوكاریان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی نەماون بۆیە وەك شەهیدی سەنگەر تۆماریان دەكەن".