كارمەندێكی پێشووی CIA: هەولێر لەبەرامبەر رادەستكردنی ئۆپۆزسیۆنی سەدامدا گیرایەوە

PM:01:20:31/08/2017
كورد میدیا، ژیان: شۆڕش محەمەد:
21 ساڵ بەسەر روداوەكانی 31ی ئابی 1996دا تێدەپەڕێت، كە پارتی بەهاوكاری سوپای عیراق شاری هەولێری لەژێر دەستی یەكێتی دەرهێنا، تائێستا یەكێتی‌و هیچ لایەنێكی تر ئامادەنیە ئەو دۆسیەیە بباتە دادگا، كارمەندێكی دەزگای هەواڵگری ئەمریكاش چەند زانیارییەك ئاشكرادەكات.

31ی ئابی 1996، لەگەرمەی شەڕی ناوخۆدا پارتی بەتانك‌و زرێپۆشی سوپای عیراقەوە‌و هەولێری گرت، هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی‌و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی عیراقی لەوشارە وەدەرنا. 

كارمەندێكی پێشووی كورد لەدەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA) كە ئەوكات لەحزبەكەی ئەیاد عەلاویدا بووە، لەكاتی ڕووداوەكانی 31ی ئابدا بەزەحمەت رزگاری بووە، بەشێك لەڕووداوەكانی ئەو رۆژە بۆ (ژیان) دەگێڕێتەوە.

ئەو كارمەندە كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان دادەنیشێت‌و نایەوێت ناوی ئاشكرابكرێت وتی "ئەوكاتە من لەگەڵ جەماعەتی ئەیاد عەلاوی بوم، ئیتیفاقی نیشتمانی لەگەڵ جەماعەتی ئەحمەد چەلەپی لەهەولێر بوین، بەمێكزەمینی هەڵیانكوتایە سەر بارەگاكانی ئێمە‌و حزبە شیعەكان، دەزگای هەواڵگری عیراقی هەموو جلوبەرگی كوردییان لەبەردابوو، پێشتر زانیارییان هەبوو بارەگاكان لەكوێن".

بەپێی گێڕانەوەكانی ئەو كارمەندەی پێشووی CIA، لەكاتی هەڵكوتانەسەر بارەگای حزبە عیراقیەكان 148 كەس دەستگیركراون‌و لەنزیك قوشتەپە گولـلەباران كراون.

هەروەها بەشێك لەوانەی رزگاریان بووە، بەقاچاخ گەیەندراونەتە زاخۆ‌و دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لەوێ بوون، پێیانوتوون هەر كەس دەیەوێت دەتوانن بیبەن بۆ ئەمریكا.

سەرچاوەكەی (ژیان) وتی "ئەوانەی لەنزیك قوشتەپە گولـلەباران كران، بەئاگاداری پارتی بوو، چونكە رێككەوتنەكە ئاوابوو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان رادەست بكرێن لەبەرامبەر دەركردنی یەكێتی لەهەولێر".

"لەكاتی ڕووداوەكانی 31ی ئابدا، حزبەكەی ئەحمەد چەلەبی لەلایەن پنتاگۆنەوە پشتیوانی كراوە‌و ئەیاد عەلاویش لەلایەن CIAیەوە پشتیوانی دەكران، من شەخسی خۆم بۆ هەواڵگری ئەمریكی كارم كردووە" كارمەندەی CIAی وای وت.


31 ئاب "خیانەتێك" بێ‌ سزا

هەرچەندە 21 ساڵ بەسەر ڕووداوەكانی 31ی ئابدا تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا لەهەرێم‌و عیراقیش كەیسەكە نەبراوەتە دادگا، یەكێتی كە زەرەرمەندی یەكەمی رووداوەكانە ئامادەنیە ئەو كەیسە بجوڵێنێت.

قادر رەزگەیی، پەرلەمانتاری یەكێتی بۆ (ژیان) جەختیكردەوە "31ی ئاب خیانەتێكی نیشتمانیە‌و هەمو بنەماكانی جینایەتی تێدایە، كارەكە لەسەر دەستی پارتێكی سیاسی كوردی‌و سەركردەیەكی سیاسی دەسەڵاتدار ئەنجامدراوە كە ئێستا بەزۆر سەرۆكی هەرێمە".

"پارتی سیاسی‌و سەركردەی سیاسی بڕوای بەنیشتمانپەڕوەری‌و باوەڕی بەئازادی‌و دیموكراتی هەبێت خیانەتی نیشتیمانی ناكات، میللەتیش نەیتونیوە دادگایی بكەرانی 31ی ئاب بكات، بۆ جوڵاندنی ئەم كەیسە پێویستە قوربانیەكانی بێنە دەنگ". 

رەزگەیی رەتیكردەوە حزبەكەی دۆسیەكەی لەبیركردبێت‌و وتی "ئەم دۆسیەیە لەزەمەندا دەمێنێتەوە‌و مێژو تۆماری كردوە..، ئەو سەركردانەی خیانەتیان كردوە‌و كەیسی گەندەڵییان هەیە بێگومان رۆژێك دێت دادگایی بكرێن". 

چەندین بەڵگەی ڤیدیۆیی‌و وێنە هەن، راستی هێنانی تانك‌و زرێپۆشی بەعس بۆ هەولێر دەسەلمێنن، ئەوەش بەقازانجی جوڵاندنی كەیسەكەیە لەدادگا.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانی عیراق پێیوایە یەكێتی‌و هێزە ئۆپۆزسیۆنە عیراقییەكان زەرەرمەندی ئەو "خیانەتە بون‌و دەتوانن مەسعود بارزانی بدەنە دادگا".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بە(ژیان)ی وت "سەلماندنی ئەم كەیسە لەدادگا نێوخۆییەكان‌و تەنانەت نێودەوڵەتییەكانیش یەكێكە لەكەیسە ئاسانەكان، هەمو دۆكیۆمێنتەكان بەڤیدیۆیی هەیە‌و ئەو نامانەی بارزانیش هەیە كە تیایدا سوپاسی سەدام حسێن دەكات‌و بەئاشكرا باسی ئەو خیانەتە دەكات‌و دانی پێدادەنێت، تەنانەت بەجۆرێك لەشانازیش باسی دەكات". 

دوو ساڵ دوای ڕووداوەكانی 31ی ئاب، یەكێتی‌و پارتی رێككەوتننامەی ئاشتییان لەواشنتۆن ئیمزاكرد‌و ساڵی 2007 رێككەوتنی ستراتیژییان ئیمزاكرد، ئەوەش وایكرد یەكێتی چیتر بەشێوەیەكی راستەوخۆ قسە لەسەر ئەو كەیسە نەكات.

دادوەر لەتیف مستەفا، لەو بڕوایەدایە لەدەوڵەتی ئاساییدا داواكاری گشتی‌و دادگا دەتوانێت دۆسیەی هاوشێوەی 31ی ئاب بجوڵێنێت‌و بە(ژیان)ی وت "بەڵام لەهەرێم دادگا‌و دەسەڵاتی دادوەری كۆنتڕۆڵكراوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە". 

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد "جوڵاندنی هەر تاوانێك جا تاوانەكە پەیوەندی بەناوخۆوەبێت یان پەیوەندی بەتاوانی دەرەكیەوە هەبێت، هەمو دەسەڵاتێك بۆ دادگایە‌و داواكاری گشتی داوا دەجوڵێنێت، دادگاش حوكمی دەكات".