حەمید شەریفی ئەلبومێكی نوێی گۆرانی بڵاودەكاتەوە

AM:11:13:17/08/2017
کورد میدیا:
هونەرمەندی گۆرانی بێژ حەمید شەریفی ئەلبومێكی نوێی گۆرانی بەناوی (ڤۆكاپێلا) بڵاودەكاتەوە كە لە 14 تراك پێكهاتوە.

شەریفی ئاماژە بەوە دەكات كە زۆرینەی بەرهەمەكانی ناو ئەلبومەكە لەلایەن خۆیەوە تێكست‌و میلۆدی بۆ دانراوە و دوان لەبەرهەمەكان كاری فۆلكلۆرن‌ و  بەشێوە‌ی ستایلی خۆی وتویەتیەوە.

 ئەو ئاماژە بەناوی ئەلبومەكە دەكات‌و دەڵێ‌ "ڤۆكاپێلا ستایلێكی تایبەتە لەگۆرانیدا كە زۆرتر لەدەنگدا كەڵك وەردەگرێت لەبری ئینسترمێنت‌و ساز یان ئامێرەكانی تری مۆسیقا".

جەختیش دەكاتەوە كە لەبەرهەمهێنانی ئەو ئەلبومەدا لەسەدا پێنج كەڵكی لەئامێری مۆسیقا وەرگرتوە ‌و لەسەدا 95 كەڵكی لەدەنگی مرۆڤ ‌و ئیفێكت وەرگرتوە.

دوابەدوای بڵاوكردنەوەی ئەلبومەكەش یەكێك لەگۆرانییەكان  بەناوی (ژیان) لەلایەن هونەرمەند هەوراز محەمەد كرایە كلیپ.

ستافی بەرهەمهێنانی كلیپی (ژیان) بریتین لە : ‌

تێكست و میلۆدی: حەمید شەریفی
ئارانگیمێنت: ئامانج ئازەرمی
دەنگ و ستۆدیۆ : چیا مەدەنی
دەرهێنانی: هەوراز محەمەد
مۆنتاژ : خەیبەر رەفیق
ئیلوسترەیشن: سابات عەباس

كلیپی (ژیان) لەسەر كەناڵی یۆتیوب:
حەمید شەریفی لەدایكبوی شاری سنەیە‌و لەساڵی 1996دا وڵاتی ئێرانی جێهێشتوە‌و هاتوەتە هەرێمی كوردستان‌و دەستدەكات بەنوسینی شیعر‌و چەند كۆڕێكی شیعری ئەنجام دەدات‌و لەساڵی 1998ئەلبومێكی گۆرانی بڵاودەكاتەوە كەهەمو میلۆدییەكانی هی خۆی بون‌و هەروەها دەستدەكات بەنوسینی شیعری لیریكی‌و لەساڵی 2008 دەچێتە وڵاتی سوید‌و لەوێش دەستدەكات بەنوسینی شیعر بەزمانی سویدی‌و چەندین كۆڕ ئەنجام دەدات‌و دەبێتە ئەندامی كانونی نوسەرانی وڵاتی سوید‌و ساڵی 2013 كۆمەڵە شیعرێك بەزمانی سویدی بڵاودەكاتەوە‌و پاشان لەساڵی 2014 خەڵاتی باشترین تێكستی هەڵبژاردە بەناوی(سەر ڕەش) لە كێبڕكێی فێستیڤاڵی ساڵانەی گۆڤاری (10 TAL) لەژێر تایتێڵی سۆلیداریتێت، وەردەگرێت.


چەند كتێبە شیعرێكی ئامادەی چاپكردنە‌و حەمید شەریفی چالاكوانی سیاسی رۆژنامەوانییە‌و بەسێ زمانی كوردی و سویدی و فارسی خەریكی نوسینە و چەند پڕۆژەی هونەری و كلتوری بەدەستەوەیە كە بەشێكی بەم زوانە دێتە سەر ماڵپەڕ و ماسمێدیاكان.