ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و ویلایەتەكەی و كاراكردنەوەی پەرلەمان دوای دوساڵ

PM:03:58:12/08/2017
كورد میدیا:
دانا مەنمی

سەرۆك بارزانی ئەگەر بە تەنها سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووایە و هەمان عەقلی پارتی دیموكراتی كوردستان بەگەڕ بخستایە لە %72 ی دەنگەكانی خەلكی كوردستانی بە دەست نەدەهێنا و بەلكو وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لە % 38 ی دەنگەكانی دەهێنا، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی دوو هاوكێشەی لێكجیاوازن، راستە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی (بارزانی باوك) لە ساڵی 1946 دامەزرینراو چەند ڕۆژێكی ترئەم حزبە تەمەنی دەبێتە 71 ساڵ، بەلام بەدرێژایی تەمەنی (بارزانی باوك) لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا هیندەی باوەری بە شۆرشی جەماوەری هەبوو، هێندە باوەری بە شۆرشی حزبایەتی نەبوو، هەمیشە بارزانی باوك حزبی بە تەفرەقە زانیوە و هیچ دەستنوسێكی بارزانی باوك بە بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەنوسراوە بەلكو بە ناوی خۆیەوە نوسراوە ( بارزانی مستەفا).

 سەرۆك بارزانی تەنها تاكیك وەیان ئەندامێكی ماڵبات و هۆزی بارزان نییە، بەڵكو كوڕی كەڵە پیاو جوامێریكی وەكو (مستەفا بارزانی) یە كە خەباتی چەكداری لە هۆزایەتیەوە گواستەوە بۆ خەباتی چەكداری و دروستبوونی پارتی سیاسی هاوچەرخ، هاوشان داوای ئازادی ڕاستەقینەوە گەڕانەوە شكۆو بەهای ئەخلاقی و سیاسی بۆ تاكی كورد دەكرد ، لەگەڵ ئەوەشدا دژی كۆیلایەتی سیستەمی دەرەبەگ بوو، نابێت ئەوەشمان لە بیر بچیت كە (مستەفا بارزانی) بەماوەیەكی كەم باوكی وەفات دەكات و (شیخ عبدالسلام) برایشی لە سێدارە ئەدریت و لەگەڵ دایكی لە تەمەنی 3 سالیدا زیندانی دەكرێت.

بەڵام لە ساڵی 1931 یەكەمین بزوتنەوەی شۆرشگیری لەسەر دەستی شیخ ئەحمەدی بارزان دژ بە زولم و ستەمی داگیركەران چ ئینگلیزو چ بەگژداچونەوەی حوكمی پاشایەتی كە سەرباری دابەشبوونی كورد بە پلانێكی نیودەولەتی بەسەر چوار دەولەتی خوینمژ دروست دەكرێت و (مستەقا بارزانی و خەلیل خۆشەوی) رۆڵێكی گرنگیان لە جوڵانەوەكەدا هەبوو.

هەربۆیەشە ئەوانەی پەروەردەی دەستی شیخ ئەحمەدی بارزان و دوای ئەو مەلامستەفای بارزان و دەواتریش كاك مسعود بارزانین، مرۆڤی سەنگین و جوامێر و كوردپەروەرن، راستگۆو راشكاون، هەڵبەت لە نێو ئەم بنەماڵەیشدا وەك هەموو بنەمالەكانی تری كوردستان و جیهان، كەسانی لادەر لە پەیرەو پرۆگرامی هۆزایەتیان تیدا بووەو هەش بووە لەبری خزمەتكردنی بیرو باوەڕە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی شێخ ئەحمەدو مەلامستەفا خزمەتی ولاتێكی ترو حزبێكی ترو شوێنێكی ترو بەدوای كەسێكی ترەوە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە لە شانی (شیخ ئەحمەدی بارزان و مەلامستەفا) و ئیستاش (سەرۆك بارزانی) كەم ناكاتەوە كە زیندوكردنەوەی شۆرش و قوربانیدان لە پێناو پاراستنی شوناسی كوردایەتی و كوردبوون دیسانەوە لەسەر دەست و بازو هەول و كۆششی بارزانیەكاندا بوو.

بۆیە سەرۆك بارزانی بەتەنها موڵكی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە و بەڵكو موڵك و جێگەی شانازی ئەوانەیشە كە لەدەرەوەی هەناوی پارتین و دەنگ و رەنگیان بۆ سەرۆك بارزانی بووە، گرنگی و رۆڵی سەرۆك بارزانی لێرەدایە كە لە دەرەوەی هەناوی حزبەكەی خۆی دەنگیتر جیاوازتر لە حزبەكەی بارزانیان پێ قبوڵە وەكو ڕەمز و كەسایەتیەكی كاریزما و سیاسەتمەدارو دیپلۆماتكاریكی گزنگ و سەنگین، جا ئیتر سەرۆك بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم بیت یان لە ماڵەوە بێت رۆل و كاریگەری خۆی وخیتابە سیاسییەكەی هیچ لە پیگە سیاسییەكەی لەسەر ئاستی نێوخۆی و هەرێمی و نێودەولەتی كەمناكاتەوەو لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتیش سەرۆك بارزانی لەناو دڵی زۆرینەی هاونیشتیمانیاندایە و سمبولێكە بۆ مرۆڤایەتی كە نەك كورد نەتەوەكانی تریش لە جیهاندا شانازی بە بوونیەوە دەكەن.

دەورانی خولی سەرۆك بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم دا كە دوو خولی بە پێی یاسا و لەلایەن گەلەوە هەلبژێردرا تەواو كرد و دوو ساڵی تربە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران لە نێوان یەكێتی و پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ساڵانی (2013 -2015) بۆ دریژكرایەوە و سالی 2014 گروپێكی تیرۆریست و خویمنژو مرۆڤكوژ دەرگای بە كورد گرت، بەڵام بەهۆی هەستیاری دۆخەكەو شەری تیرۆر لە ناوچەكەدا سەرۆك بارزانی لە ناو گۆرەپانەكەدا رۆلی میحوەری دەبینی و مانەوەی لەسەرۆكایەتی هەرێم زەروری و پێویست بوو بۆ روبەرو بونەوەو تێكشكاندنی ئوستورەو ئەفسانەی داعش، ئەمە تەنها خواستی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوو، بەلكو خواستی ئەوروپاو ئەمریكاو وڵاتانی كەنداویش بوو، چونكە مامەڵەی سیاسی و جوڵەی دیپلۆماسیان لە بارزانی پێ باشتر بوو، تا كەسێكی تر، هەربۆیەشە كۆبونەوەی هەرپێنج حزبە سەرەكییەكەی كوردستان لەگەل نوێنەرانی ئەوروپا و ئەمریكا لە شەوی 18/19ی ئابی 2015 بەراشكاوی بە هەریەك لە ڕیكخەری كۆچكردوی گۆران (نەوشیروان مستەفا) و ئەمیری كۆمەلی ئیسلامی (عەلی باپیر) و ئەمینداری یەكگرتوو (مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین) گوتبوون كە لەگەڵ مانەوەی (سەرۆك بارزانی) یدان لەم دۆخەدا.

راستە هەندێك حزبی سیاسی بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەستیاری دۆخی سیاسی و قەیرانی ئابوری و شەری تیرۆرو كە ئەوەش كالفامی سیاسی ئەو حزبانە بوو كە لە 23ی حوزەیران و لە 19 ی ئابی 2015 نزیك بە دووسال لەمەوبەر لەهەوڵی كودەتای سپی دا بوون بۆدروستبوونی بۆشایی یاسایی لەسەرۆكایەتی هەرێم كە نەبەدیلیان هەبوو بۆ كورسییەكەی بارزانی نە ئامادەی هەلبژاردن بوون كە گەل بڕیار لەسەر لابردن یان مانەوەی سەرۆك بارزانی بدات، نە هیچ بژاردەو دەریچەیەكی تریان نەبوو كە چارەسەری ویلایەتی سەرۆكی هەریم بكات، جگە لە دەهۆڵكوتین و دروشم بازی و موجامەڵاتی حزبی، ڕۆژەكانی پێش 12ی ئۆكتۆۆۆبەری 2015 بزوتنەوەی گۆران كە پێشرەوی ئەم جوڵانەوەیەی دەكرد و لە هەوڵی كودەتای سپی لە نێو پەرلەماندا بوو ، نەك سەقامگیری و شەری تیرۆرو قەیرانی ئابوری نەدەخویندەوە، بەڵكو لەهەوڵی گواستنەوەی ئەودۆخە چەقبەستووە شەرەنگیزی یە توندوتیژیەدا بوو لە سلیمانی یەوە بۆ هەولێرو شارەكانی تری كوردستان.

بەرلە داخستنی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتاران لەبەرەی سەنگەرگرتن بوون لەیەكترو متمانەو رۆلی خۆیان لەدەست دابوو، لەبری ئەوەی هەمووان بە بیرو ڕای جیاوازیانەوە بەڵام بە دیدێكی نەتەوەییانە یەك تیم و گروپ بن، بەڵكو دەستە دەستەو گروپ گروپ بە عەقل و لۆژیكی حزبیەوە لە هەوڵی سرینەوەی یەكتر و رێزنەگرتن لە ئیرادەی یەكترو سرینەوەی بەرامبەردا بوون، پەرلەمان كرابویە دیوەخانی حزبی - سیاسی شەڕی مانەوە و نەمانی حزبیان دەكرد، نەك شەڕی تیرۆرو قوتی خەلكی كوردستان قەیرانی دارایی و برینی بودجەو موچەی خەلكی كوردستان و ناوچە جیناكۆكەكان.

ئیستا نزیك بە دووساڵ لە داخستنی پەرلەمانی كوردستان، هەم حزبەكان و هەمیش پەرلەمانتاران شەرم لە یەكتری دەكەن كارای بكەنەوە، چونكە ئەوەندە سوكایەتی و جنێو تۆمەتی سیاسی یان بۆ یەكتر هۆنیووتەوە پێیان شەرمە بەرامبەرو لەتەنیش یەكتر دابنیشن، جارێ شەرمەزارییە بۆ میلەتێك كە خاوەنی پەرلەمان و پەرلەمانتارو حزبی وەكو ئێوە نمایندەی بكات، خۆئەگەر ئەم میلەتە زیندوو رۆحلەبەر بوایە ڕەش و سپی خۆی لێكجیادەكردەوەو خاوەنی ئەم نوێنەرانە نەدەبوو كە ڕاستگۆو ڕاشكاو بوێر نیین و ناتوانن سەربەخۆیانە تەعبیر لە ڕاوبۆچوونەكانیان بكەن.

لە سیاسەتدا هیچ شتیك مەحاڵ نییە ، بەلكو سیاسەت هونەری ئیدارەدان و خزمەتكردنی كۆمەڵگایە ، كەسمان دوژمنی یەكتر نین و هەموومان خوێن و ئاوی ئەو خاكەین، هەمومان دوژمنی هاوبەش وخاكی هاوبەش ونەتەوەی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش و خوێن و زمان ونەژادو فەرهەنگی هاوبەش كۆیكردوینەتەوە، دەرفەتێكی هاوبەشیش بۆ هەموومان رەخساوە كە جگە لە یەكرێزی و یەكێتی و یەكبوون پێویستیمان بە هیچ ولاتیك و تەنانەت بەغدادیش نییە كە بۆ سەربەخۆی فەرشی سورمان بۆ ڕابخات، پێویستە جیاوازییەكانمان لەسەر سیستەمی سیاسی و خەمی خەڵك و قوتی خەڵك و شەفافیەت لە بواری سیاسی و ئابوری دەستبەرداری نەبین وهەڵبگرین بۆ قوناغێكی لەبارتر، دڵنیابن كەسمان هەلنایەین چونكە كوردستان خوانێكە بۆ هەموومان.

سەرۆك بارزانی لە ئێستادا پرۆژەیەكی پێیە بۆ هەمووان، كە ئەویش پرۆژەی ڕیفراندۆمە وەك یەكەمین ڕێڕەوی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆی كوردستان و، دەرگاو پەنجەرە بە ڕووی هەموواندا كراوەیە تا هاوبەشی و بەشداری تێدا بكەن چونكە لە جەوهەردا ڕیفراندۆم هەربۆ گەلەو دەنگی گەل سەنگی محەكە بۆ بڕیاردان لەهەنگاونان بەرەو سەربەخۆی كوردستان، دەنگی نەخێر بەتەنها ململانێی دەنگی بەلی ناكات، بەڵكو دەنگی نەخێر خزمەت بەو عەقلە شۆڤێنیزمە، دیكتاتۆرییە، كوردكوژییە دەكات كە زیاتر لە سەدان ساڵە لەسەر خاك و نان و ئاوی خۆمان خوێنمان دەمژن و یەخسیریان كردوین.

دەبا هەمووان خاك پەرستبین خاك بە ئاودا نەدەینەوە
كە لێمان رۆیی بەقەرنێ تر بە تۆزی پای ناگەینەوه

زۆرترین خوێنراو‌