نوسەرێكی دیاری كورد وازهێنانی لە نوسین راگەیاند

AM:11:17:01/08/2017
كورمیدیا:
كاروان عومەر كاكەسوور، نوسەری دیاری كوردستان لەمیانی ئاگاداریەكدا وازهێنانی خۆی لە نوسین راگەیاند دەڵێت"داوای لێبوردن لە هەر نووسەر و خوێنەرێك دەكەم، ئەگەر بە هۆی وشەیەكی منەوە دڵی بریندار بووبێت".

ئەو نوسەرە دیارەی كورد لەمیانی ئاگادارینامەكەیدا نوسیویەتی"ئەزموونێكی دوور و درێژم لەگەڵ نائومێدیدا هەیە، پێم وایە دوو جۆری هەن: یەكەمیان، بۆ ناو بیركردنەوە ئاڕاستە دەبێت، خەیاڵت دەجووڵێنێت و دەتخاتە بەردەمی شتی نوێوە، ئەنجام بەرهەمی جیاوازی لێ دەكەوێتەوە، بەڵام دووەمیان، بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەت دەخزێت، بۆیە كاتت بە فیڕۆ دەدات و خەیاڵت تەسك دەكاتەوە".

دەقی ئاگاداریەكەی كاروان عومەر كاكە سوور
ئاگادارییەك لە (كاروان عومەر كاكەسوور)ـەوە بۆ سەرجەم خوێنەران

من (كاروان عومەر كاكەسوور)م… تاكوو ئەمڕۆ كۆمەڵێك كتێبم چاپ كردوون، بڕیارم دا واز لە نووسین بهێنم، یان دروستتر بڵێم یەك وشەی دیكە بڵاو نەكەمەوە.
دیارە بیرۆكەی وازهێنانم نوێ نییە، بەڵكوو لانی كەم بۆ سەرەتای ئەم سەدەیە دەگەڕێتەوە. لە گوتارێكیشمدا، كە پێوەندیی بە نووسەرێكی لاوەوە هەیە و لە (08.07.2011)، لە ماڵپەڕێكدا بڵاو كراوەتەوە؛ گوتوومە: (من هیچ كاتێك ترسم لە وازهێنان نەبووە و زۆر جار ویستوومە ئاگادارییەك بۆ مێدیاكان بنووسم و بڵێم ئیتر واز لە نووسین دەهێنم).
بەوەدا ئەزموونێكی دوور و درێژم لەگەڵ نائومێدیدا هەیە، پێم وایە دوو جۆری هەن: یەكەمیان، بۆ ناو بیركردنەوە ئاڕاستە دەبێت، خەیاڵت دەجووڵێنێت و دەتخاتە بەردەمی شتی نوێوە، ئەنجام بەرهەمی جیاوازی لێ دەكەوێتەوە، بەڵام دووەمیان، بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەت دەخزێت، بۆیە كاتت بە فیڕۆ دەدات و خەیاڵت تەسك دەكاتەوە. ئەو نائومێدییەی لە دنیای كوردیدا بەری دەكەویت، لە جۆری دووەمیانە. هەمیشە وا هەست دەكەیت ماڵەكەت پڕە لە نووسەر و تەنیاییت لێ داگیر كراوە، لە كاتێكدا من بە زگماك شێتی تەنیاییم و بەرگەی قەرەباڵغی ناگرم.
((بەوەدا لەو كەسانە نیم، كە هەموو گوناهێك دەخەنە ئەستۆی ئەوانەی ترەوە، ئەوە دەمەوێت بڵێم دەشێ منیش بۆ ئەوانەی تر بووبێتمە هۆكاری نائومێدی. ڕەنگە هێزی منیش هەر هێندە بووبێت، كە بتوانم بەرگەی ئەو دۆخەی پێ بگرم. كەواتە مەبەستەكەم دوورە لەوەی خۆم بە دروست دابنێم و ئەوانەی تریش بە چەوت)). ڕاستییەكەی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە دنیای (نووسین و بڵاوكردنەوە)ی كوردی نائومێد دەبووم، تاكوو گەیشتە ئەوەی ئەم ئاگادارییە بنووسم، كە مەبەستی سەرەكیم تێیدا ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و هیچ پێوەندییەكم بەو دنیایەوە نەماوە.

بە پێویستی دەزانم ئەم سەرنجانە بخەمە ڕوو:

یەكەم: لە هەندێك نووسەرەوە بابەتم پێ گەیشتوون، بەو مەبەستەی بۆیان بخوێنمەوە و سەرنجیان بۆ بنووسم. بەوەدا بەڵێنم پێ داون، ناكرێت ئەو بەڵێنە نەبەمە سەر، بەڵام هیوادارم لەمەودوا یەك بابەتی ترم پێ نەگات. تكام وایە هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێك ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆنمی لایە، كاتێ پێوەندیم پێوە دەكات، لەبارەی ئەم بڕیارەوە هیچم لەگەڵدا نەڵێت. بەگشتی پێم خۆش نییە كەس لەبارەی ئەدەب، هونەر، فكر و هەر چەمكێكی تری لەم بابەتەوە بمدوێنێت، بەڵام لەبارەی ڕووەكانی دیكەی ژیانەوە، بە خۆشحاڵییەوە ئامادەی گفتوگۆم. وەك پێشتر گوترا مەبەستی سەرەكیم لەم ڕاگەیاندنە ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و ئیدی نامەوێت لەبارەی ئەو شتانەوە قسە بكەم.

دووەم: لەگەڵ هەر دەستگەیەكی چاپ و بڵاوكردنەوە، یان لەگەڵ هەر كەسێك ڕێك كەوتووم كتێبم بۆ چاپ بكات، لە ڕێكەوتنەكەم پاشگەز نابمەوە، مەگەر ئەوان خۆیان هەڵیانوەشێننەوە. هەر ئێستایش كتێبی (ڕاگەردان) و (ڕێگەكانی ژەهر)م چاپ كراون و لەم نزیكانەیش (منارەی ئاوەدانی)م چاپ دەكرێتەوە. بۆ چاپكردنەوەی (كەناڵی مەیموونە چەكدارەكان) و ئەوانەی تریشم پار گفتم بە كەسێك داوە، كە تاكوو ئێستا دوو ئەزموونم لەگەڵی هەن. ئەگەر ویستی پەشیوان بێتەوە، گرفت نییە. ئەوە سەرجەم گفتوگۆ و گوتارەكانیشم دەگرێتەوە، كە بۆ چاپكردنیان بەڵێنم لێ وەرگیراوە.

سێیەم: هەر نووسەرێك گفتوگۆی لەگەڵدا كردووم و هێشتا بڵاوی نەكردووەتەوە، مافی خۆیەتی بڵاوی بكاتەوە، بەڵام خۆزگە لە پەراوێزدا دەنووسێت پێش بڕیاری وازهێنانەكە بووە!

چوارەم: نووسەر و وەرگێڕێك لە ڕۆژهەڵات خەریكی وەرگێڕانی سەرجەم كتێبەكانمە بۆ زمانی فارسی، كە تاكوو ئێستا (كازینۆی منداڵان)، (منارەی ئاوەدانی) و (ڕیبەنێكی سوور و ملپێچێكی ڕەش)ی وەرگێڕاوە. بەوەدا بەڵێنم پێی داوە لەم ڕووەوە هەر پرسیارێكی هەبێت، وەڵامی دەدەمەوە، ئەوا ئەو بەڵێنەیشم دەبەمە سەر.

پێنجەم: داوای لێبوردن لە هەر نووسەر و خوێنەرێك دەكەم، ئەگەر بە هۆی وشەیەكی منەوە دڵی بریندار بووبێت. هەوڵم داوە كاتێ لەبارەی بابەتی نووسەرانەوە بنووسم، چ دوور و چ نزیك بە لای ژیانی تایبەتیاندا نەچم، بەڵام بەوەدا زمان ئاڵۆزترین شتە، ئەوا ڕەنگە جارێك لە جاران شتەكە بە شێوەیەك كەوتبێتەوە، كە لە مەبەستی من دوور بووبێت. هیچ بابەتێكم بڵاو نەكردووەتەوە، ئەگەر پێشتر بۆ هاوڕێ نزیكەكانمم نەناردبێت، بەو مەبەستەی بیخوێننەوە و لە هەر شوێنێكدا هەستیان كرد وشەیەك بە نووسەرێك گوتراوە، زبرە، لای ببەم و بە یەكێكی تری بگۆڕم.

شەشەم: وا ڕاهاتووم بەر لە بڵاوكردنەوە بەرهەمم بۆ چەند نووسەر و ڕۆشنبیرێك دەنێرم، بەو مەبەستەی گوێ لە سەرنجیان بگرم و تا دەكرێت بە چاكی بكەونە بەرچاوی خوێنەر، بەڵام لەمەیاندا وام نەكردووە، بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە هیچ شتێك نەڵێم. هێندە هەیە جارێكیان وا پێویستی كرد ڤێرژنە سەرەتاییەكە بۆ هاوڕێیەكی ئازیزم بنێرم، كە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابوردوودا ئەزموونی هاوبەشمان پێكەوە هەبووە. دەبێت ئەوەیش بگوترێت سێ چوار مانگ پێش بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاگەیاندنە، بیرۆكەكەم بە هەندێك هاوڕێی نزیكم گوتووە. واتە گوتوومە زۆر نائومێدم و ئەو نائومێدییەم لە ڕێگەیەكەوە دەردەبڕم، كە ڕەنگە نەزانن چییە، بەڵام لەم مانگەی ڕابوردوودا پێم گوتن ئەم ڕاگەیاندنەم نووسیوە، بێ ئەوەی بۆیان بنێرم.

حەوتەم: هەوڵم داوە ئەم ئاگادارییە بە سادەیی بنووسم. ویستوومە لەو سنوورەدا بمێنێتەوە، كە ئاگادارییەكە و هیچی تر. بە مانایەكی دیكە بە پێویستم نەزانیوە بۆچوونی خۆم لەو ڕووەوە بگەیەنم، مەگەر لێرە و لەوێ بە ناچاری یەك دوو وشەم گوتبن. چاكترە بگوترێت ئەوەی ئەم ئاگادارییەی نووسیوە، مرۆڤێكی ئاساییە، نەوەك نووسەر. هەر هەڵسەنگاندنێكی بۆ دەكرێت، با بۆی بكرێت! وەڵامی من، وەڵامی منی دەرەوەی بواری نووسین و بڵاوكردنەوە لە ئێستاوە ئەوەیە: نووسەر و ڕۆشنبیر بووم، نەوەك جەنگاوەر. بەڵێنم بە هیچ كەسێك نەداوە ڕزگاری بكەم، بەڵكوو بەپێچەوانەوە ویستوومە ئەو تیۆرییانە بە درۆ بخەمەوە، كە مژدەی ڕزگاری دەدەن. ئەوەی ئێستا پەنام بۆی بردووە، ئازادییە، كە وەك هەر كەسێكی تر هەمە. بەپێی ئەو ئازادییە دەمنووسی و ئەمڕۆ هەر بەپێی ئەو ئازادییەیش واز دەهێنم. لەم دەلاقەیەیشەوە هێندە دەڵێم دنیای كوردی ئەدەب و هونەرێكی دەوێت و دەیانپارێزێت، هاوشانی سیاسەتەكەی بن. بە مانایەكی تر، چارەی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی ناوێت، بە شێوەیەك لە شێوەكان لە سیاسەتمەدارەكانی جیاوازن. مرۆڤ لە دنیای (نووسین و بڵاوكردنەوە)دا بەر هەمان ئەو مۆڕاڵە دەكەوێت، كە لە دنیای سیاسەتدا بەری كەوتووە. بەشێكی زۆری ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە چەند گلەییان لە سیاسەتمەداران هەیە وا خۆیان پێشان دەدەن جیاوازن، بەڵام لە دنیای خۆیاندا، واتە لە دنیای (نووسین و بڵاوكردنەوە)دا شوێنپێی ئەوانیان هەڵگرتووە و خاوەنی هەمان خەسڵەتەكانی ئەوانن.

دەیڵێمەوە دنیای ئەمڕۆی كەلتووریی كوردی بە دەگمەن ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە دەهێڵێتەوە، كە تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ ئەستەتیك هەیە، بەڵكوو ئەوانە دەپارێزێت، وا بە هەمان چاوی خەڵك لە چەمكەكانی ئەدەب و هونەر دەڕوانن و بە زمانی میللییش دەنووسن. ((دیسان نامەوێت خۆم بێگونا‌هـ بزانم و ئەوانەی تر وەك گوناهبار سەیر بكەم. دەشێ خۆیشم بووبێتمە بەشێك لەو دۆخە)). لام ڕوونە هەر من نیم لەم ڕووەوە ئەزموونی تاڵم هەیە، بەڵام خۆم بەم شێوەیە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەبمەوە و دەشێ ئەوانەی تریش هەر یەكەی شێوازێك بە گونجاو بزانێت.

ئێستا كاتێك وەك نووسەر نا، بەڵكوو وەك مرۆڤێكی ئاسایی ئاوڕ لە ڕابوردووم دەدەمەوە، بەوە خۆشحاڵم، كە بۆ ساتێك سەرم بۆ هیچ حزب و سەركردەیەك شۆڕ نەكردووە و لەمەودوایش هەر نایكەم، بە مەرجێ لەناو سیاسەتدا چاوم كردووەتەوە و تاكوو هاوینی (1992)یش ئامادە بووم خوێنم لەپێناوی ئایدۆڵۆگیدا بڕێژم. لە گوتارێكیشدا ئەوەم گوتووە: (كورتترین دێڕی نووسینەكانی خۆمم پێ لە هەموو حزب، گروپ، حوكوومەت، كۆمپانیای بازرگانی و سەركردەی دنیا گەورەترە).

هەرگیز چاوم لە یەك دیناری دەستەڵاتی كوردی نەبوو، وەك چۆن پێشتریش چاوم لە هیی بەعس نەبوو. قەرزاری یەك بەرپرسی كورد نیم، تەنانەت چایەكی یەكێكیانم نەخواردووەتەوە. ناوم لە هیچ یەكێ لەو لیستانەدا نییە، كە بۆ وەرگرتنی پارە، زەوی، خانوو و شتی تر كراون. هەر كەسێكیش پێی وایە ڕاست ناكەم، با بێت ڕووبەڕووم ببێتەوە! ((ئەمانە تەنیا پێوەندییان بە خۆمەوە هەیە و ئارەزوی خۆمن، دەنا مەرج نییە ئەو خەسڵەتانە مرۆڤ بكەنە ڕۆشنبیری قووڵ و گەورە.

دەشێ هەبێت هەر لەم ڕووەوە بە شێوەی جیاواز لەمانە بڕوانێت)). جارێكیان ڕۆژنامەنووسێكی بوێر لێی پرسیم: (ئەگەر لیستێك بۆ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە بكەم، كە سەریان بۆ دەستەڵات شۆڕ نەكردووە، دەوێریت ناوی خۆت بنووسیت؟)… وەڵامی من ئەوە بوو: (تاكوو ئێستا هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە ناوم لە لیستەكاندا چەندەمە، بەڵام هیوادارم بۆ ئەم لیستەی تۆ یەكەمم بەر بكەوێت!).

ناوی ڕۆژنامەنووسەكە ناهێنم، چونكە نامەوێت هیچ ناوێك لەم ڕاگەیاندنەدا هەبێت، نەبادا وا بكەوێتەوە لەبەر كەسێكی دیاریكراو بڕیاری وازهێنانم داوە. ڕاستە دیاردەكان ئەنجامی هەڵسوكەوت و تێڕوانینی تاكەكانن، بەڵام لەم كاتەدا كەسێكی دیاریكراوم لە خەیاڵدا نییە. پێی لەسەر دادەگرمەوە چ لە بواری نووسین و چ لە دەرەوەی بواری نووسیندا كەسێك نادۆزمەوە، ناخۆشیم لەگەڵیدا هەبێت.

ڕێگەم بە خۆم نەداوە لەبارەی یەكێكیانەوە وشەیەكی نەگەتیڤ لای یەكێكی تریانەوە بڵێم. ئەمانە بۆیە ئاوا بە ئاشكرا و بە دەنگی بەرز دەردەبڕم، چونكە لام ڕوونە یەك كەس نییە بە درۆم بخاتەوە. دیارە ئەگەر ویستبێتم لەبارەی بەرهەمی هەر نووسەرێكەوە بدوێم، بۆچوونی خۆمم ڕاشكاوانە دەربڕیوە، كە هەرگیز تێكەڵی كەسایەتییەكەیم نەكردووە. ئەوەی بە گرنگم زانیوە، تەنیا ئەو بابەتە بووە، كە ویستوومە لێی قووڵ ببمەوە، بۆیە هەمیشە گوتوومە لە هەر وشە، ڕستە و پەرەگرافێكم بەرپرسیارم و ئاماژەم بە سەرچاوە و كۆنتێكستەكانیشیان داوە، بگرە ئامادە بوومە لەبارەی هەر یەكێكیانەوە زیاتر بنووسم، ئەگەر پێویستی كردبێت… ڕەنگە هاوڕێ نزیكەكانم بزانن لە هەشتاكانەوە تاكوو ئەمڕۆ گوتوومە لە دنیایەكی گەرم و خنكێنەردا دەژیم، بۆیە هەموو ڕابوردووم دەكەمە باخچە! بەڵێ، باخچە، شتێكی تر نا. واتە لەگەڵ هیچ كەسێكی دیاریكراودا ناخۆشی دروست ناكەم، بەڵكوو خۆمی لێ دەپارێزم، نەبادا ڕۆژێك بێت نەتوانم هەناسە بدەم. ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە باخچەیەكم هەیە و بۆی دەگەڕێمەوە، تاكوو بە ئارامی ژیانمی تێدا ببەمە سەر، كە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەگەڵ دنیادا ململانێ ناكەم. ئەوەی خۆمم لێی دوور گرتووە و خۆمی لێ دوور دەگرم، تەنیا ململانێیە لە ئاستی كەسێتیدا، دەنا هەمیشە لە ململانێدام.

لەمەودوایش هاوڕێكانم هەمان ئەوان، پێشتر هەمبوون و شانازیم پێوە كردوون، یەك دانەیشیان كەمی نەكردووە، بەڵام لە ئاستێكی تردا، بەوەی پێوەندییەكە گۆڕانی بەسەردا دێت، مادام لە بواری نووسین و بڵاوكردنەوەدا نەماوم. بەگشتی هاوڕێ و ناسیاوەكانم دەستكەوتی ئەو ڕابوردووەمن.

بەوەیش خۆشحاڵم، كە لە كاتێكدا بە هەموو شێوەیەك هەوڵم دا دیناری حزبێكی كوردی لە شێوەی مووچەیشدا نەچێتە گیرفانمەوە، بەڵام هەرگیز بۆچوونی خۆمم بەسەر نووسەر و ڕۆشنبیرانی تردا زاڵ نەكرد. جارێ وشەیەكی ناشیرینم نەخستە پاڵ یەكێكیانەوە، كاتێ لە دەستگەی ئەو حزبانەدا كاری كردبێت. باوەڕم وا بووە ئازادی سنووری بۆ دانانرێت و جیاوازییش شتێكە، دەكرێت لە هەموو كات و شوێنێكدا خۆی دەربخات. ئەوەیش دەڵێم جیاوازیم كەم هەست پێ كردووە.((دەشێ ئەوانەی تریش هیچ جیاوازییەكیان لە مندا نەدیبێت. مەبەستمە بڵێم نامەوێت لە ڕێگەی ئەم وشانەوە خۆم پاك و بێگەرد پێشان بدەم)).

لای من دەستەڵات تەنیا لە فۆرمی سیاسەتدا نییە، بەڵكوو لە كۆمەڵێك فۆرمی دیكەیشدایە، كە ملم بۆ هیچ یەكێكیان كەچ نەكردووە. ((ئەمەیش تەنیا ئارەزووی خۆمە و پێوەندیی بە كەسێكی دیكەوە نییە، كە دەشێ ئەوانەی تر لەو بارەیەوە ڕوانینی جیاوازیان هەبێت)).
بەكورتی لە یەك وشەی خۆم پەشیوان نیم.

من بۆیە پەنام بۆ نووسین برد، تاكوو لەوەی هەم، ئازادتر بم، بەڵام بەداخەوە بۆم دەركەوت نووسین، دروستتر بڵاوكردنەوە ئازادیم لێ دەستێنێتەوە، بۆیە هەر شتێك ئازادیم لێ داگیر بكات، تێكی دەشكێنم، بەو هیوایەی لەودیو زۆر لەوە پتر بە دەست بهێنمەوە. ((كەواتە ژیانم ئەوەی لێ داوا كردووم، بۆیە مەرج نییە ئەم بڕیارەم بۆ ئەوانەی تر نرخێكی هەبێت)). گوتوومە بۆ ئەوە نووسیم، تاكوو بە ژەهری ناوەوەم بگەم، بەڵام بۆ ئەوە دەستم دایە بڵاوكردنەوە، بەو مەبەستەی ژەهرەكە بگەیەنمە دەرەوە. ئێستا دەزانم ژەهرەكە لە دەرەوە دەگۆڕێت و هەمان ئەو پێكهاتەیەی نامێنێت، كە لە ناوەوە هەیەتی. لەمەودوا، لە باخچەكەمدا تەنیا لەگەڵ ژەهری ناوەوەی خۆمدا دەژیم.

لەم ساتەوە هەست بە سەربەستییەكی بێسنوور دەكەم و لە ڕێگەی ئەو پێوەندییەوە ئازادیم لێ داگیر ناكرێت. ((ڕەنگە منیش ئازادیم لەوانەی تر داگیر كردبێت)).

ئازیزان، من خۆمم ڕزگار كرد! دەمێكیشە گوتوومە ئەوەی دەمكاتە كۆیلە، هەر خۆمم و ئەوەی ڕزگارم دەكات، هەر خۆمم. مادام هەموو بڕیارەكان لە دەست خۆمدان، چاو بۆ هیچ هێزێكی دەرەوەم ناگێڕم.

سەرنج: بڕیار بوو نزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر ئەم ڕاگەیاندنە بڵاو بكەمەوە، بەڵام لەبەر یەك دوو هۆكار گەیشتە ئەمڕۆ، كە بەوە دڵخۆشم، چونكە هەمیشە هەوڵم داوە چاكتری بكەم.


زۆرترین خوێنراو‌